دەقی پەیامی ئەمینداری گشتیی بەم شێوەیە:
بسم الله الرّحمن الرّحیم«يَا أَيَّتُهَا النَّفْسُ الْمُطْمَئِنَّةُ ارْجِعِي إِلَى رَبِّكِ رَاضِيَةً مَرْضِيَّةً فَادْخُلِي فِي عِبَادِي وَادْخُلِي جَنَّتِي» 
هەواڵی کۆچی دوایی خوشکی ئیمانی و بانگخوازی ماندوو نەناس «فەرەحناز فیرووزی» (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) کە تەمەنی بە بەرەکەتی خۆی لە ڕێی بڵاوکردنەوەی بەها ئیمانییەکان و خزمەت بە هاچەشنانی بەسەر برد، بوو بەهۆی خەم و پەژارەی زۆرمان؛ بەڵام دڵنیام کە نەمریی تەنیا بۆ خوای هەرمانی هەمیشە زیندوویە کە دەفەرموێت: «کُلُّ مَنْ عَلَیْها فانٍ وَ یَبْقى‏ وَجْهُ رَبِّکَ ذُو الْجَلالِ وَ الْإِکْرامِ» بۆیە لە بەبارەگای بەدیهێنەری گەورە و پایەدار سەری کڕنۆش دادەنوێنین و بەردەوام لەکاتی خۆشی و ناخۆشیدا سپاسی دەکەین و ملکەچی قەدەر و ویستی ئەوین. بێگومان هەوڵ و تێکۆشان و دڵسۆزییەکانی ئەو خوشکە بەڕێزە لە ڕێی خزمەت بە دینی پیرۆزی ئیسلام و بەندەکانی بەتایبەت ئەندامانی جەماعەت وەک یادگارییەکی هەرمان و بێ‌وێنە و چاکەی نەبڕاوە دەمێنیتەوە.
من لەلایەن خۆم و بە نوێنەری لە خوشک و برایانم لە جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، بەهۆی کۆچی ئەو خوشکە ئیمانییە بەڕێزە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی، ئەندامانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح و بەتایبەت خوشکان و برایانم لە پارێزگای کرماشان دەکەم و لە بارەگای میری مەزن بۆ خوالێخۆشبوو ڕەحمەت، لێبووردن و فیردەوسی بەرز و بەرین و بۆ بنەماڵە و خزمان و هاوڕێیانیشی سەبر و خۆڕاگری و پاداشی خێر داوا دەکەم.
عەبدوڕڕەحمان پیرانی ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح 
۲۵ی ڕەزبەری ۱۴۰۳